جێگری پارێزگاری لوڕستان دەڵێت، بەهۆی جەنگەوە زیان بە پێنج هەزار و 930 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە پارێزگاکە گەیشتووە، زۆرترین زیان لە خوڕەمئاوا بووە.
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، مەهدی مەجیدی جێگری پارێزگاری لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: “تیمەکانی ئاوەدانکردنەوە سەردانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراون، بۆ ئەوەی خەمڵاندن بۆ قەبارەی زیانەکان بکەن.”
مەهدی مەجیدی گوتی: “بەپێی خەمڵاندنەکانمان، پێنج هەزار و 930 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە شارەکانی پارێزگاکە زیانیان بەرکەوتووە.”
بە گوتەی مەهدی مەجیدی، لەو ژمارەیە 5 هەزار و 74ی یەکە نیشتەجێبوونە و 856 بینای بازرگانییە.
مەهدی مەجیدی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین زیان لە لە شاری خوڕەمئاوایە کە دوو هەزار و 169 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی زیانیان پێگەشتووە.
مەهدی مەجیدی رایگەیاند، دوای تەواوبوونی خەمڵاندنی زیانەکان، پرۆسەی نۆژەنکردنەوە دەستپێدەکات.
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026 دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئێران بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 8ـی نیسان واشنتن و تاران بە فەرمی رەزامەندییان لەسەر ئاگربەستێکی 14 رۆژی نیشاندا.
رۆژی 11ی نیسانی 2026، دانوستاندنەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلامئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستیانپێکرد، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن.
دوێنێ سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی ئێستا [لەگەڵ ئێران] درێژ دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردایەتییە دابەشبووەکەی ئێران دەگەنە “پێشنیازێکی یەکگرتوو.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست (New York Post) رایگەیاند، رەنگە تاوەکو رۆژی هەینی [24-04-2026] هەواڵی خۆش لەبارەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانەوە ببیستین.










