ئێرانجیهان

ئێران بە هێنانە سەر شەقامی مووشەکە بالیستییەکانی…


ئێران هەڕەشەکانی تووندتر کردووە و بە نمایشکردنی مووشەکی بالیستیی خۆرەمشەهر و قەدر لە دوو مەیدانی گەورەی تاراندا، هێزی خۆی بە ئەمریکا نیشان دەدات. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ واشنتن و سەرنەگرتنی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد.

 

ئەحمەد نادری، پەرلەمانتاری تاران، باس لە توانای سەربازیی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت: “بە زانیارییەوە دەڵێم کە هەندێک لە توونێلە مووشەکییەکانمان تەنانەت بەکار نەهێنراون و بۆ شەڕێکی دوورودرێژ هێشتوومانەتەوە.”

 

نادری ئاماژە بەوەش دەکات کە بەشێک لە مووشەکە پێشکەوتووەکانیان هێشتا بەکار نەهێناوە و زۆربەی ئەو مووشەکانەی لە دوو سێ هەفتەی یەکەمی شەڕەکە دا تەقاندوویانن، لە نەوەی کۆن بوون بۆ ئەوەی بتوانن سیستەمە بەرگرییەکان بکەنە ئامانج و رادارەکان پەک بخەن. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە جبەخانەکانیان مووشەکی پێویستیان تێدایە و بەردەوامیشن لەسەر بەرهەمهێنان.

 

تاران، واشنتن بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دەریاییە دەکات کە خستوویەتییە سەر بەندەرەکانی؛ گەمارۆیەک کە لە 13ـی نیسانەوە دەستی پێ کردووە.

 

لە بەرامبەر دا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئێران بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز و گەمارۆکانەوە لە لێواری “داڕمانێکی گەورەی ئابووری دایە” و رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار لەدەست دەدات.

 

محەممەد ئیسماعیل کەوسەری، یەکێکی دیکە لە پەرلەمانتارانی تاران، هۆشداری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ دەدات و دەڵێت: “ئەگەری ئەوە هەیە کە دووبارە جەنگ دەست پێ بکاتەوە. ئایا ترەمپ پابەندی یاسا و رێککەوتنەکانە؟ خۆ ئەگەر پابەند بووایە، جەنگی هەڵنەدەگیرساند.”

 

ئەم گرژییانە لەکاتێکدان، چاوەڕوان دەکرا گەڕی دووەمی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێرانی و ئەمریکی لە پاکستان دەست پێ بکاتەوە، بەڵام هێشتا شاندی هیچ کام لە لایەنەکان نەچوونەتە ئیسلامئاباد.

 

لە هەنگاوێکی تاکلایەنەش دا، دۆناڵد ترەمپ لەسەر داوای پاکستان ئاگربەستی درێژ کردەوە، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی ئێرانی پێشنیازێکی نوێ و یەکگرتوو بۆ دانوستاندن دەخەنە روو.

 





سەرچاوە

Related Posts