کاریگەرییە ئابوورییەکانی جەنگی 40 رۆژە و قۆناخی دوای جەنگەکە، لە ئێران دەرکەوتوون. بازاڕەکان و شەقامەکان چیدیکە وەک جاران قەرەباڵخ نین و زۆربەی خەڵک خەرجییەکانیان تەنیا بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان کەم کردووەتەوە.
ئەحمەد مێیدەری، وەزیری کاری ئێران، لەبارەی دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتییانەوە دەڵێت: “ئێمە بە پشتبەستن بە هەموو ئەو کڕین و فرۆشتنانەی کە لە وڵات دا ئەنجام دەدرێن، بانکی ناوەندی رۆژانە ئەم زانیارییانە کۆ دەکاتەوە و بینیمان لە کاتی جەنگ دا توانای کڕینی خەڵک بە تێکڕا نزیکەی 19% کەمی کردووە. بەڵام ئەم دابەزینە لە هەندێک لە شارەکان دا وەکو تاران زۆر زیاترە.”
ئێرانی دوای جەنگ رووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی دەرکردنی کارمەندان بووەتەوە. غولامحوسێن محەممەدی، جێگری وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی دەڵێ، دوو ملیۆن کەس بەهۆی جەنگەوە کارەکانیان لەدەست داوە.
کاریگەرییەکە زۆر لەوە زیاترە کە تەنیا ئەو کارگانە بگرێتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە داخراون، بەڵکو بەرهەمهێنەرانی دیکە، فرۆشیاران، بازرگانیی هاوردە و هەناردە و کەرتی دیجیتاڵیشی گرتووەتەوە.
بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بڕینی ئینتەرنێتیش، زیانی گەورەی ئابووریی لێکەوتووەتەوە، کە بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، زیانە راستەوخۆکانی لەنێوان 30 بۆ 40 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێک دا. بەوەش لە 54 رۆژ دا کۆی زیانەکانی دەکاتە لەنێوان 1.6 تاوەکو 2.16 ملیار دۆلار.
ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی زانستیی ژووری بازرگانیی ئێران، ئەو زیانانە بەم شێوەیە روون دەکاتەوە: “زیانی بڕانی ئینتەرنێت بە شێوەی راستەوخۆ، بەپێی ئەو خەمڵاندنەی کراوە، لەنێوان 30 تاوەکو 40 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێک دا. ئێمە ئاگامان لەوە نییە کە بەشێک لە ژێرخانمان، تەنیا بەهۆی ئەوەی نابینرێ، واتە هیچ دیمەنێکی لێ نابینین و دیمەنی رووخانەکەی نابینین، لەنێو دەچێت. زیانە ناڕاستەوخۆکانیشی وەکو دەڵێن، نزیکەی 70 تاوەکو 80 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێک دا.”
کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ئابووریی ئێران لەکاتێکدایە، سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئەو وڵاتە بەردەوامن.










