ئێرانجیهان

هیچ وادەیەکی بۆ ئاگربەست دیاری نەکراوە

سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران زۆر کاریگەر بوون و بوونەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی ئابووریی ئەو وڵاتە؛ جەختیشی کردەوە، تاران لە ژێر گوشارێکی توندی دارایی دایە و چیتر ناتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات، ئەمەش وای کردووە تەنانەت توانای پێدانی مووچەی خەڵکەکەی خۆشی نەمێنێت.

چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لێدوانێکدا رایگەیاند، “ئۆپەراسیۆنی رقی ئابووری” (Operation Economic Fury) دژی تاران بەردەوامە و گەمارۆ دەریاییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی ئێران رۆژانە بڕی 500 ملیۆن دۆلار زیانی پێ بگات.

ئاماژەی بەوەش کرد کە دوورگەی خارگ کە ناوەندی سەرەکی هەناردەی نەوتی ئێرانە لە نەوت پڕ بووە و تاران ناتوانێت هیچ بڕە نەوتێک بۆ دەرەوە بگوازێتەوە یان هاوردەی بکات.

لێڤت گوتی: “دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ئەنجامی گەمارۆ دەریاییەکان رازییە، چونکە ئێمە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئێرانمان وشک کردووە.” هەروەها باسی لەوەش کرد، هەرچەندە ئاگربەستێکی سەربازیی کاتی لە ئارادایە، بەڵام فشارە ئابوورییەکان نەک هەر نەوەستاون، بەڵکوو توندتر کراون.

لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئێرانەوە، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رەخنەی توندی گرت و گوتی: “ئێران ئێستا وەک چەتەی دەریایی رەفتار دەکات، چونکە هێزی دەریاییە ئاساییەکەی لەلایەن ئەمریکاوە تێکشکێندراوە.”

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دیاریکردنی کات بۆ وەڵامدانەوەی ئێران، لێڤت رەتی کردەوە کە هیچ وادەیەکی دیاریکراوی 3 بۆ 5 ڕۆژی هەبێت و رایگەیاند: “ترەمپ خۆی کات و خشتەی کارەکان دیاری دەکات، ئەو هەموو کارتێکی گوشاری لەدەستدایە و چاوەڕێی وەڵامێکی یەکگرتوو و روونی ئێرانییەکان دەکات بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا.”

سەرچاوە

Related Posts