ئێرانجیهان

دیموکراتەکان هەوڵی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترەمپ دەدەن

سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشداریی دەداتە کۆمارییەکان کە دەبێت لە نێوان دڵسۆزی بۆ دۆناڵد ترەمپ و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا یەکێکیان هەڵبژێرن، ئەوەش لە رێگەی دەنگدان بەو پڕۆژەبڕیارانەی کە رێگری لە “جەنگی بێباکانە” دەکەن.

چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، چەک شوومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات)، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، کە پارتەکەی ئەمڕۆ فشار دەخاتە سەر ئەنجوومەنەکە بۆ دەنگدان لەسەر پێنجەمین پڕۆژەبڕیاری تایبەت بە “دەسەڵاتەکانی جەنگ”. 

بە گوتەی شوومەر، ئامانجی ئەم هەنگاوە سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لەو جەنگەی بێباکانەی دژی ئێران.

شوومەر جەختی لەوە کردەوە کە دیموکراتەکان لەسەر ئەم فشارانە بەردەوام دەبن و هەموو هەفتەیەک پڕۆژەبڕیاری نوێ دەخەنە بەردەم ئەنجوومەنی پیران، تا ئەو کاتەی ئەندامانی پارتی کۆماری بڕیار دەدەن بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکا بخەنە سەرووی دۆناڵد ترەمپ و کۆتایی بەو جەنگە بهێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.

سەرچاوە

Related Posts