ئێرانجیهان

ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قازانجی کۆمپانیا لۆجیستییەکانی ئەوروپا دەشکێتەوە

کۆمپانیا گەورەکانی لۆجیستی لە ئەوروپا پێشبینی دەکەن قازانجی چارەکی یەکەمی ئەمساڵیان بەهۆی پشێوییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزییەکانی زنجیرەی دابینکردن زیاد بکات، بەڵام شرۆڤەکاران هۆشداریی لە تەمومژاویبوونی ئاسۆی داهاتووی ئەو کەرتە دەدەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆمپانیاکانی وەک DHL و DSV و Kuehne+Nagel سوودمەند بوون لەو ئاڵۆزییانەی لە زنجیرەی دابینکردنی جیهانیدا بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا دروست بوون. ئەم ئاڵۆزییانە وایکردووە قازانجی کۆمپانیاکان لە چارەکی یەکەمی ساڵدا بەرز ببێتەوە، بەڵام شرۆڤەکارانی دامەزراوەی “جێفریس” دەڵێن کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و لێکەوتە ئابوورییەکان رەنگە لە کۆتایی ئەمساڵدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی خواست دروست بکەن.

شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەدەن، پشێوییە جیۆپۆلیتیکییەکان وایکردووە بەشێک لە گواستنەوەی کەلوپەل لە دەریاوە بۆ ئاسمانی بگۆڕدرێت، ئەمەش بەتایبەتی بۆ کۆمپانیای DHL سوودبەخش بووە. هەروەها شرۆڤەکارانی “بێرنشتاین” رایانگەیاندووە کە قەبارەی گواستنەوەی ئاسمانی لەم چارەکەدا گەشەیەکی بەرچاوی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا گواستنەوەی دەریایی بە رێژەیەکی کەمتر گەشەی کردووە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتی باج و گواستنەوەی پێشوەختەی بارەکان لە وڵاتانی وەک ئەمریکا.

لە لایەکی دیکەوە، پاش پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆرێک لە کەشتییەکان رێڕەوی گەرووی هورمزیان گۆڕیوە، ئەمەش ناسەقامگیرییەکی زۆری لە رێگە بازرگانییە سەرەکییەکاندا دروست کردووە. ئەم فشارانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی باری ئاسمانی، بەتایبەتی کە خواستێکی زۆر هەیە و نرخی سووتەمەنی فڕۆکەش بەرزبووەتەوە و توانای گواستنەوەش بەهۆی پەککەوتنی رێگەکانەوە کەم بووەتەوە.

ریکۆ لومان، ئابووریناسی باڵا لە ING Research رایگەیاندووە، گەڕانەوەی بارودۆخی رێگە بازرگانییەکان وەک دەریای سوور و کەناڵی سوێس بۆ دۆخی ئاسایی رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دوابکەوێت. کۆمپانیا گەورەکانی وەک “مێرسک” و “هاپاگ لۆید” کەشتییەکانیان لە دەوری “سەری هیوای چاک” دەسووڕێننەوە، ئەمەش رێژەی کرێی بارکردنی بە بەرزی هێشتووەتەوە و قازانجی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی زیاد کردووە.

پسپۆڕان پێشبینی دەکەن تەنانەت ئەگەر ململانێکانیش کۆتاییان بێت، بازاڕەکانی گواستنی جیهانی بە خێرایی ئاسایی نابنەوە، چونکە زنجیرەکانی دابینکردن گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و بازرگانان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای رێگەی بەدیل و بەندەری نوێدا، ئەمەش وا دەکات شێوازەکانی بازرگانی وەک پێش سەرهەڵدانی ململانێکان لێ نەیەتەوە.

سەرچاوە

Related Posts