حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، یەکەم بڕە پارەی دەستکەوتوو لە وەرگرتنی “باج ” لە تەنگەی هورمز، بە فەرمی خرایە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026 عەلیڕەزا سەلیمی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لەو بارەیەوە بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند: “بڕ و پارەی وەرگیراو لە هەر یەکێک لەو کەشتییانە، بەپێی جۆر و بڕی بارەکانیان و ئەو مەترسییەی هەیانە، جیاوازە و ئەوەی ئەو باجە چەند بێت و چۆن وەربگیرێت، ئێران دیاری دەکات”.
سەلیمی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پاراەیەی پێشتر ئێران وەک باج لە کەشتییەکانی وەرگرتووە، ئێستا دەخرێنە سەر هەژمار و گەنجینەی دەوڵەت و دەشڵێت: “بەپێی مادەکانی 52 و 53ـی دەستوور، هەموو داهاتێکی حکومەت دەخرێتە سەر هەژماری گەنجینە و ئەم کارەش لە چوارچێوەی پابەندبوون بە یاسا کراوە”.
ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە دێت، لە ماوەی رابردوودا باس لە وەرگرتنی باج لەو کەشتییە بازرگانییانە دەکرا کە بەو تەنگە نێودەوڵەتییەدا تێدەپەڕن.
ئێران دەڵێت، ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، دەبێت مۆڵەتی تێپەڕبوونیان هەبێت و باجی تێپەڕبوونەکەش بدەن.
دوێنێ سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیدا بە ناوەکانی (ئێم ئێس سی فرانسیسکا) و (ئیپامینۆنداس) کە ئەوەی یەکەمیان سەر بە ئیسرائیلە.
سوپای پاسداران دەڵێ، ئەو کەشتییانە مۆڵەتی تێپەڕبوونیان بە تەنگەی هورمزدا نەبووە و “بە ئەنجامدانی سەرپێچیی بەردەوام و دەستکاریکردنی سیستمەکانی یارمەتیدەری رێدۆزی” ویستوویانە بە نهێنی بە رێڕۆ ئاوییەکەدا تێپەڕن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سینتکۆم) 15ی نیسانی 2026 رایگەیاند، گەمارۆی سەرجەم بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو و دەریای عومان دەستپێدەکات.
رۆژی 17-04-2026، ئێران تەنگەی هورمزی کردەوە، بەڵام رۆژی دواتر تەنگەکەی داخستەوە و مەرجی کردنەوەیشی بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی داناوە.
پاش جێبەجێکردنی گەمارۆکەی ئەمریکا بۆسەر بەندەرەکانی ئێران، هێزەکانی ئەمریکا رۆژی ، 19ی نیسانی 2026 لە نزیک کەناراوەکانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێران کە دەیەویست لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت.
پەکخستنی بەندەرەکانی ئێران لە لایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بووەتە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان. تاوەکو ئێستا تەنیا یەک دانیشتن لە 11ـی نیسان لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچووە، کە بێ ئەنجام کۆتایی هات.










