“مەسعود پزیشکیان سەرپەرشتیی چارەسەرییە پزیشکییەکانی موجتەبا خامنەیی دەکات”
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە موجتەبا خامنەیی، سەرەڕای ناجێگیریی باری جەستەیی، لە رووی مێشکییەوە هۆشیارە، بەڵام بۆ کاتی ئێستا دەسەڵاتەکانی رادەستی سوپای پاسداران کردووە.
پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، راپۆرتێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای نوێی ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە تێیدا عەلی خامنەیی باوکی کوژرا، بە سەختی بریندار بووە، بەڵام لە رووی هزری و مێشکییەوە بە تەواوی هۆشیارە.
بە پێی رۆژنامەکە، کە پشتی بە قسەی چەند بەرپرسێکی ئێرانی بەستووە و ناوی نەهێناون، موجتەبا خامنەیی لانیکەم بۆ کاتی ئێستا دەسەڵاتی بڕیاردانی رادەستی ژەنەڕاڵەکانی سوپای پاسداران کردووە.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسە ئێرانییەکانەوە ئەوەشی خستووەتە روو: “موجتەبا خامنەیی سێ جار نەشتەرگەری بۆ یەکێک لە قاچەکانی کراوە و چاوەڕوانی دانانی قاچێکی دەستکردە. هەروەها نەشتەرگەری بۆ یەکێک لە دەستەکانی کراوە و بە هێواشی توانای جووڵەی بۆ دەگەڕێتەوە. رووخسار و لێوەکانی سووتاون، ئەمەش وای کردووە قسەکردنی بۆ قورس بێت و، لە کۆتاییدا پێویستی بە نەشتەرگەریی جوانکاری دەبێت.”
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە بە هۆکاری ئەمنی، چوونە لای موجتەبا خامنەیی زۆر سنووردارە و لە شوێنێکی نهێنیدا ماوەتەوە، تەنیا لە رێگەی نامەی دەستنووسەوە پەیامەکانی دەگەیەنێت. تەنانەت فەرماندەکانی سوپای پاسدارانیش سەردانی ناکەن، بەڵام مەسعود پزیشکیان، سەرۆکۆماری ئێران، کە لە هەمان کاتدا پزیشکی نەشتەرگەریی دڵە، بەشدارە لە سەرپەرشتیکردنی چاودێرییە پزیشکییەکەی.
موجتەبا خامنەیی، دوای کوژرانی باوکی و دەستنیشانکردنی وەک رێبەری باڵای ئێران، تا ئێستا لە هیچ بۆنەیەکی گشتیدا دەرنەکەوتووە و تەنیا راگەیەنراوی نووسراوی بڵاو کردووەتەوە.










