ئێرانجیهان

بەقایی: بە بێمتمانەییەوە چووینە نێو دانوستاندن و…


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ سەر مێزی دانوستاندن دوای “خیانەتەکەی” ئەمریکا لە مانگی حوزەیراندا، بە واتای هەبوونی متمانە نییە و دەشڵێت: “پێویستە وڵات بۆ هەر سیناریۆیەک لە ئامادەیی تەواودا بێت.”

 

رۆژی پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی ئێران، سەبارەت بە رەوتی دانوستاندنەکان رایگەیاند: “گەڕانەوەی دووبارەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستاندن، دوای ناپاکیی لایەنی ئەمریکی لە مانگی حوزەیراندا، بە واتای هەبوون یان دروستبوونی متمانە نەبوو؛ ئێمە بە ئاگایی و بێمتمانەییەوە چووینە نێو گفتوگۆکان.”

 

ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، چوونە نێو دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لە سەرەتاوە لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە رەنگە هەر رووداوێک یان دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی رابردوو رووبدات. گوتیشی: “هاوکات لەگەڵ ئامادەیی بۆ دانوستاندن، پێویستە وڵات [ئێران] بۆ هەر سیناریۆیەک لە ئامادەیی تەواودا بێت.”

 

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد، ئەو نیگەرانییانەی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە دەخرێنە روو، بنەمایەکی راستییان نییە. “کشانەوەی لایەنی بەرامبەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئەوەی سەلماند کە پرسی ئەتۆمیی ئێران زیاتر لەوەی نیگەرانییەکی راستی بێت، بیانوویەکە بۆ دروستکردنی گوشار.”

 

ئەو لێدوانانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان لە ئیسلامئاباد بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسی ئەتۆمی بە بنبەست گەیشت. 

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە گەمارۆدانی دەریایی ئێران داوە و تاران مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆکان و وەرگرتنی گەرەنتیی داناوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. 

 

دوێنێ چوارشەممە، ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی هات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاکلایەنە ئاگربەستی بۆ کاتێکی نادیار درێژکردەوە.





سەرچاوە

Related Posts