ئێرانجیهان

لە کاتی پێویستدا رووبەڕووی ئێران و میلیشیا عێراقییەکان دەبینەوە

سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، چاودێری پیلانێکی تێکدەرانەی ئێران دەکەن کە بە بەشداریی ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق ئەنجام دەدرێت کە دڵسۆزی تارانن، جەختیشی کردەوە، لە کاتی پێویستدا رووبەڕوویان دەبنەوە.

هەینی 24ـی نیسانی 2026، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” بڵاویکردەوە: “لە ماوەی جەنگی دژ بە ئێران، دەزگای هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کاری کردووە بۆ هاندانی پیلانی تێکدەرانە بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی ئیسرائیلییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.”

ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) و دەزگای (مۆساد)، چەندین سەرکردەی سەرەکییان کردووەتە ئامانج کە رۆڵیان هەبووە لە داڕشتنی ئەم پیلانانەدا دژی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی تەلئەڤیڤ لە ناوەخۆ و دەرەوەی وڵات. 

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، لە چەند هەفتەی رابردوودا، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ جێبەجێکردنی پیلانێکی تێکدەرانەی ئێرانی بە بەشداریی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، کە لەلایەن لایەنی بیانی و بە پارەدارکردنی راستەوخۆی ئێران بەڕێوە دەچێت.”

لە کۆتاییدا هۆشداری دا و رایگەیاند: “سوپای ئیسرائیل لە نزیکەوە چاودێری تەواوی تۆڕە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە دەکات و لە کاتی پێویستدا هەنگاوی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دەنێت.”

سەرچاوە

Related Posts