ئەنجامی نوێترین راپرسیی ناوخۆیی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 60%ـی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە پێیان وایە هەڵگیرساندنی جەنگ لە دژی ئێران هیچ پاساوێکی لۆژیکیی نەبووە و داوای ئاگربەست دەکەن.
دەرەئەنجامی راپرسییەک کە لەلایەن کۆلێژی یاسای زانکۆی “مارکێت”ـی ئەمریکییەوە ئەنجام دراوە، ئاشکرای دەکات، کە زیاتر لە 60%ـی ئەمریکییەکان پێیان وایە واشنتن هیچ پاڵنەرێکی نەبووە کە پاساو بۆ جەنگی سەر ئێران بهێنێتەوە.
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا هاتووە: “بە شێوەیەکی گشتی، ڕای گشتی پێی وا نییە هۆکاری پێویست بۆ دەستپێکردنی جەنگەکە هەبووبێت؛ 63% پێیان وایە هۆکاری تەواوەتی بوونی نەبووە، لە کاتێکدا 36% پێیان وایە هۆکارەکان بۆ ئەو مەبەستە پێویست بوون.”
بە پێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە، 75%ـی ئەمریکییەکان رەزامەندن لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا. لە بەرامبەردا، تەنیا 21%ـی بەشداربووان پێیان وایە ئەمریکا لەم ململانێیەدا ئامانجەکانی خۆی پێکاوە، لە کاتێکدا 78%ـی هاووڵاتییان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نین و پێیان وایە ئامانجەکان بە دی نەهاتوون.
راپرسییەکە ئەوەشی دەرخستووە، کە تەنیا 39%ـی ئەمریکییەکان، وڵاتەکەیان وەک هێزێک دەبینن کە بەشداری لە سەقامگیریی جیهاندا دەکات، لە کاتێکدا 60% پێیان وایە کە وڵاتەکەیان هۆکارێکە بۆ نانەوەی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.










