ئاژانسی بلومبێرگ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر گەرووی هورمز، ئێران هێشتا بەردەوامە لە بارکردنی نەوت بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان.
هەینی 24ـی نیسانی 2025، ئاژانسی بلومبێرگ، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و داتا نێودەوڵەتییەکانی دەریاوانی زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە، جموجۆڵە نەوتییەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێکارەکانی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، تاوەکوو ئێستا 34 کەشتییان گەڕاندووەتەوە یان ئاراستەکەیان گۆڕیوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، گەمارۆکان بۆ سەر ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە بەردەوامە و هێزەکانی ئەمریکا چاودێرییەکی وردی ناوچەکە دەکەن بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، هەینی 17ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس”، دواین پێشهاتەکانی تایبەت بە گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانی ئاشکرا کرد.
ترەمپ رایگەیاند، گەرووی هورمز ئێستا بەتەواوی کراوەیە و ئامادەیە بۆ بازرگانی و تێپەڕبوونی گشتگیری کەشتییەکان. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچە هەستیارەدا پەکیکەوتووە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە سەرەڕای کردنەوەی گەرووەکە، بەڵام گەمارۆی دەریایی هێزەکانی ئەمریکا بە هەموو هێز و کاریگەرییەکەیەوە دەمێنێتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆکە “تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە”. ترەمپ گوتی: “ئەم گەمارۆیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئێران 100% تەواو دەبێت”.










