ئێرانجیهان

راوێژکاری ئەڵمانیا لە مەترسییەکانی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە تێناگات

سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر راوێژکاری ئەڵمانیا و تۆمەتباری کرد بەوەی لە مەترسییەکانی چەکداریی ئەتۆمیی ئێران تێناگات؛ هۆشداری دا ڕێگەدان بە تاران بۆ بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، تەواوی جیهان دەخاتە دۆخێکی مەترسیدار.

سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس ” رەخنەی توندی لە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت و نووسیویەتی: “راوێژکاری ئەڵمانیا وا بیر دەکاتەوە کە ئاساییە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەو بە هیچ شێوەیەک نازانێت باسی چی دەکات!”

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی لێکەوتەکانی دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوەکی هۆشداری دا و رایگەیاند: “ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەموو جیهان دەبێتە بارمتەی دەستی ئەوان.” ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ئێستا سیاسەتێکی جیاواز و کاریگەر بەرانبەر بە ئێران پەیڕەو دەکات و گوتی: “من ئێستا کارێک بەرانبەر بە ئێران دەکەم کە دەبوو نەتەوەکانی تر یان سەرۆکەکانی پێشوو مێژوویەکی زۆر لەمەوپێش ئەنجامیان بدایە.”

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ترەمپ پەیوەندیی نێوان سەرکردایەتیی مێرتس و دۆخی وڵاتەکەی گرێدا و بە شێوەیەکی تانەئامێز نووسیویەتی: “هیچ جێگەی سەرسامی نییە کە ئەڵمانیا ئێستا لە رووی ئابووری و کەرتەکانی تریشەوە لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە.”

ئەم لێدوانانەی ترەمپ نیشانەی قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و بەرلینە، بەتایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی ئەتۆمیی ئێران و ئەو جەنگەی کە لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.

سەرچاوە

Related Posts