ئێرانجیهان

هەواڵگریی ئەمریکا شیکاری بۆ راگەیاندنی سەرکەوتنی تاکلایەنە لە جەنگی ئێران دەکات

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەوەی تاران چۆن رەفتار دەکات ئەگەر سەرۆکی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەرکەوتن لە جەنگی دوو مانگەی ئێراندا رابگەیەنێت. ئەم هەوڵەی کۆشکی سپی بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک دێت بۆ دەرچوون لە جەنگێک کە هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوە و بووەتە بارگرانییەکی سیاسیی گەورە بۆ پارتی کۆماری پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا.

سێشەممە 28ی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ نیگەرانە لەوەی بەردەوامیی جەنگ ببێتە هۆی شکستێکی گەورەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا. راپرسییە نوێیەکان نیشانی دەدەن کە تەنیا 26%ی ئەمریکییەکان پێیان وایە ئەم کەمپەینە سەربازییە شایەنی تێچووەکانی بووە، و تەنیا 25% پێیان وایە ئەمریکا ئێستا پارێزراوترە. یەکێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی فشارە ناوخۆییەکانی سەر ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بە بێوێنە وەسف کرد.

ئاژانسە هەواڵگرییەکان (CIA و ODNI) دوو ئەگەری سەرەکییان خستووەتەڕوو ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەک لایەنە سەرکەوتن رابگەیەنێت، ئەوانیش ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی کەم بکاتەوە، ئێران ئەمە وەک “سەرکەوتنی خۆی” دەبینێت و دەبێتە هۆی ئەوەی تاران بە بوێرییەکی زیاترەوە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی بنیات بنێتەوە؛ هەروەها لە ئەگەری مانەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە، لەم دۆخەدا ئێران ئەمە تەنیا وەک “تەکتیکێکی دانوستان” دەبینێت و ململانێکان بەردەوام دەبن.

سەرەڕای 20 رۆژ ئاگربەست، هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەیانتوانیوە گەرووی هورمز بکەنەوە کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمریکا و جیهاندا، کە ئەمەش یەکێکی ترە لە کارتە بەهێزەکانی گوشاری ئێران دژی واشنتن.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، کە تاران ماوەی ئاگربەستەکەی قۆستووەتەوە بۆ دەرهێنانەوەی سەکۆکانی هاوێشتنی مووشەک، تەقەمەنی و درۆنەکانی کە لە هەفتەکانی یەکەمی جەنگدا لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە ژێر زەویدا کرابوونە ئامانج. ئەمەش وای کردووە کە تێچووی دەستپێکردنەوەی جەنگ بۆ ئەمریکا زۆر گرانتر بێت لە جاران.

ئانا کێڵی، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، جەختی کردەوە ئەمریکا پەلە ناکات لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی خراپ و گوتی: “ترەمپ تەنیا ئەو رێککەوتنە واژۆ دەکات کە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە پێشینە دابنێت. ئێمە زۆر روونبووین؛ ئێران هەرگیز نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.”

ئەم راپۆرتە نیشانی دەدات کە دۆناڵد ترەمپ لە نێوان دوو بژاردەی سەختدایە؛ یان بەردەوامبوون لە جەنگێکی تێچوو زۆر و دۆڕانی هەڵبژاردن، یان راگەیاندنی سەرکەوتنێکی سیاسیی تاکلایەنە کە رەنگە لە ئایندەیەکی نزیکدا مەترسییە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە زیاتر بکات.

سەرچاوە

Related Posts