ئێرانجیهان

ئەمریکا ژێر دەریاییەکی ئەتۆمی رەوانەی جەبەل تاریق دەکات

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند؛ ژێر دەریاییەکی ئەتۆمی سەر بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی گەیشتە بەندەری جەبەل تاریق. فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، “ئەم ژێر دەریاییە توانا، نەرمی و پابەندیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانە بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی لە پەیمانی ناتۆ.”

فەرماندەی هێزی دەریایی ئەمریکا روونی کردەوە، ژێر دەریاییەکانی جۆری “ئۆهایۆ” پلاتفۆرمێکی نادیارن بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستی و بە بەهێزترین و گرنگترین پێکهاتەی “سێگۆشەی ئەتۆمی” ئەمریکا دادەنرێن کە توانای مانەوەیان لە کاتی جەنگدا زۆرە. ئەم ژێر دەریاییانە بە نهێنیترین چەکەکانی سوپای ئەمریکا هەژمار دەکرێن و بەگوێرەی رۆژنامەی “زەی هێڵ”، شوێنی وردی جێگیربوونیان بە زانیاری زۆر نهێنی پۆلێن دەکرێت.

ژێر دەریاییەکانی “ئۆهایۆ مووشەکی ترایدێنت 2 (دی5)” هەڵدەگرن کە توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە. ئەم پۆلە لە ژێر دەریایی لە 14 ژێر دەریایی مووشەکی بالیستی و 4 ژێر دەریایی مووشەکی ئاراستەکراو پێکدێن. جۆری مووشەکە ئاراستەکراوەکان دەتوانن زیاتر لە 150 مووشەکی “تۆماهۆک” لەناو خۆیاندا هەڵبگرن و بە توانایەکی بەرزی خۆحەشاردان و ئەنجامدانی خولی پاسەوانی درێژخایەن ناسراون.

هەرچەندە لە سەرەتادا روون نەبوو، ئایا رەوانەکردنی ئەم ژێر دەریاییە پەیوەندی بە رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی رابردوو دەستی پێکرد، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئاشکراکردنی شوێنی ژێر دەریاییەکە (کە کارێکی نائاساییە لەلایەن ئەمریکاوە) پەیامێکی هۆشداری توندە بۆ تاران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە، وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازی واشنتن بە زۆر خراپ و گەمژانە وەسف کرد. هاوکات بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکی ئاشکرایان کردووە ترەمپ بەهۆی نەمانی ئارامییەوە، ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوە

Related Posts