ئێرانجیهان

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران: ئێمە میوانی…


 

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، 10 مەرج دەخاتە بەردەم فیفا بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە مۆندیالی 2026، کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.

 

مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، لیستێکی 10 خاڵییان ئاراستەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کردووە، بە مەبەستی گەرەنتیکردنی ماف، ئاسایش و پاراستنی شکۆی کاروانی وەرزشیی ئێران لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا.

 

تاج، بە میدیای فەرمی ئێرانی رایگەیاند، یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانیان، پێدانی ڤیزایە بۆ سەرجەم ئەندامانی شاندەکەیان بەبێ هیچ جیاکارییەک.

 

تاج دەڵێت: “ئێمە میوانی فیفاین، نەک میوانی وڵاتی خانەخوێ، بۆیە دەبێت فیفا خۆی گەرەنتی هاتنەژوورەوەی هەموو یاریزان و ستافەکانمان بکات.” ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان کردووە رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا لە ئەنقەرە بن و گەرەنتی بکرێت کە هیچ لێپرسینەوە و سنووردارکردنێکی زیادە بۆ ئەندامانی تیمەکە دروست نەکرێت.

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوا دەکات لە کاتی یارییەکانیاندا، رێگری لە بەرزکردنەوەی هەر جۆرە ئاڵا و سیمبوڵێکی “ناپەیوەندیدار” لەنێو یاریگاکاندا بکرێت و سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەشیان بەتەواوی و بەبێ کەموکوڕی لێبدرێت.

 

سەبارەت بە پلانی گەشتەکە، مەهدی تاج ئاشکرای کرد، هەڵبژاردەی ئێران، کۆتایی ئەم هەفتەیە سەرەتا دەچێتە تورکیا و بۆ ماوەی 10 تاوەکو 15 رۆژ لەوێ کەمپێکی مەشقی دەبێت، پاشان راستەوخۆ لەوێوە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەون.

 

تاج هۆشداری دەدات و دەڵێت: “کاتێکی زۆرمان لەبەردەستدا نەماوە و دەبێت فیفا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە خێرایی کێشەی ڤیزە و گەرەنتییە ئەمنییەکان یەکلایی بکەنەوە، تاوەکو هیچ ئاستەنگێک نەیەتە بەردەم کاروانی هەڵبژاردەکەمان.”

 

کێبڕکێکانی مۆندیالی 2026، رێکەوتی 11ی حوزەیرانی 2026 بە میوانداری هاوبەشی سێ وڵاتی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، ئێرانیش یەکێکە لە هەڵبژاردەکانی مۆندیال بۆ ساڵی 2026. بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکاوە، پێشتر دەنگۆکانی گومان لە بەشداریکردنی شاندی ئێرانی لە مۆندیالی ئەمریکا هەبوو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران دواتر بە فەرمی بەشداریکردنی ئێرانی لە مۆندیال راگەیاند.

 





سەرچاوە

Related Posts