میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ نیوجێرسی هەڵوەشاندەوە و بەپەلە گەڕایەوە بۆ واشنتن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گومان و پێشبینی جۆراوجۆر.
ترەمپ لە هەژماری خۆی “تروس سۆشیاڵ” رایگەیان؛ بەشداری لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕە گەورەکەی (دۆناڵد جۆنیۆر) ناکات و هۆکارەکەشی بۆ “بارودۆخی پەیوەندیدار بە حکوومەت و خۆشەویستی بۆ ئەمریکا” گەڕاندەوە.
هەروا گوتی: “بە گرنگی دەزانم لەم قۆناخە هەستیارەدا لە کۆشکی سپی بمێنمەوە.”
هاوکات، تۆڕی (CBS) لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری هێرش کردنە سەر ئێران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا.
سەرۆکی ئەمریکا دوای گەڕانەوەی گەشتەکەی لە چین، لەگەڵ راوێژکارە نزیکەکانی بۆ تاوتوێکردنی پرسی جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە نەدراوە.










