میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە تیمی دانوستانکاری ئێران لەگەڵ واشنتن نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار رایگەیاندووە: “لە هەندێک پرسدا پێشکەوتن بەدەستهاتووە، بەڵام تاوەکو هەموو پرسە جێناکۆکەکان چارەسەر نەکرێن، هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت.”
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران “زۆر ماندووکەرن” و تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی گەورەیان بەخۆوە نەبینیوە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، رەشنووسەکان رۆژانە ئاڵوگۆڕ دەکرێن بەبێ ئەوەی پێشکەوتنی راستەقینە هەبێت.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی بێئومێدی بووە و پێشنیازی ئەنجامدانی “ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورەی کۆتایی” کردووە، بە مەبەستی راگەیاندنی سەرکەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەردانی عاسم مونیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای پاکستان بۆ تاران، بەو مانایە نییە کە دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیشتوونەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.
لە 28ـی شوباتی 2026، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، تێیدا ژمارەیەک سەرکردەی باڵای ئێران کوژران، لە بەرامبەردا ئێران وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دایەو و هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی ئەمریکە لە ناوچەکە و لە هەمانکاتدا راستەوخۆ گەرووی هورمزی داخست. لە 8ـی نیسانیدا وەک وەڵامێک بۆ ئێران ئەمریکا بەندەرەکانی ئێرانی گەمارۆ داوە و تاران گەرووی هورمزی بە داخراوی هێشتووەتەوە.










