بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری2026، سەرچاوەیەکی ئەمنیی، رایگەیاند؛ ددرۆنێک بارەگایەکی سەر بە لیوای 40ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەرسات لە ناوەڕاستی بەغدا کردووەتە ئامانج.
بەگویرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، درۆنەکە خۆی کێشاوە بە باڵەخانەیەکدا و لە ئەنجامدا چەند کەسێک بریندار بوون. دوابەدوای رووداوەکەش، دەزگای ئەمنیی حەشدی شەعبی (PMF) بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوە لەو تەقینەوەیەی گرتە ئەستۆ کە ناوچەی “مەسباح و عرسات”ی هەژاند.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، تەقینەوەکە بەهۆی موشەکێکەوە بووە شوێنێکی نیشتەجێبوونی لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی زیانی ماددی بەرچاو بە بینای ئامانجدار و خانووەکانی دەوروبەری.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوەی تایبەت ئاشکرایان کردووە، ئەگەری هەیە ئەم هێرشە هەوڵێکی تیرۆرکردن بووبێت بۆ سەرکردەیەکی دیاری ناو گرووپە چەکدارەکان.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە لە کاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا شەپۆلێکی هێرشەکان بارەگای گرووپە چەکدارەکانی عێراقیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش لە پاشخانی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتن لە ناوچەکەدا.










