ئێرانجیهان

هێرشمان نەکردووەتە سەر حەشدی شەعبی


وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتی دەکاتەوە هێزەکانییان هێرشیان کردبێتە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین؛ دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ​ئەمڕۆ شەممە 14ی ئاداری 2026، لە چەند کەناڵ و پەیجێکی ڕاگەیاندندا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ​تەواوی ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بە توندی ڕەت دەکەینەوە. ڕایدەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: ئەرکی سەرەکی هێزەکانمان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندین بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە گەل هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندا.



سەرچاوە

Related Posts