فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاماری نوێی زیانە گیانییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە جەنگی دژ بە ئێران بڵاو کردەوە، رایگەیاند کە تا ئێستا 13 سەربازیان کوژراون و نزیکەی 200 سەربازیش بریندار بوون. هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای کرد کە ئەمریکا 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی لەدەستداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، زۆرینەی هەرە زۆری ئەو 200 سەربازەی بریندار بوون، برینەکانیان سووک بووە و 180 سەربازیان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان، بەڵام 10 سەربازیان برینیان سەختە. سوپای ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە ئەم سەربازانە لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی کوێت، سعوودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرەین، عێراق و ئیسرائیل بریندار بوون.
لە دوای دەستپێکردنی ململانێکان لە 28ـی شوباتەوە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی کوژرانی 13 سەرباز. جگە لە بنکە سەربازییەکان، هێرشەکانی ئێران نێردە دیپلۆماسییەکان، هۆتێل و فڕۆکەخانەکانیشی گرتووەتەوە و زیانی گەورەی بە ژێرخانی وزە لە وڵاتانی ناوچەکە گەیاندووە.
لە بەرانبەر هێرشەکاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی چڕی کردووەتە سەر زیاتر لە 7,000 ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی ئێراندا. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کە لەم شەڕەدا تا ئێستا نزیکەی 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی جۆری MQ-9 تێکشکێندراون.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 یەکێکە لە فڕۆکە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری، کە دەتوانێت لە بەرزیی 50,000 پێ بۆ ماوەی زیاتر لە 27 کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە. ئەم فڕۆکەیە پشت بە کامێرا و هەستەوەر و ڕادارە پێشکەوتووەکان دەبەستێت بۆ چاودێریکردنی وردی ئامانجەکان.










