ئێرانجیهان

بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ناکەین


سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز ناکات. ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە فەرەنسا ئەم شەڕەی هەڵنەبژاردووە و پێگەکەی تەنیا بەرگرییە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکە.

سێشەممە 17ی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە سەرەتای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی سەبارەت بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: “ئێمە لایەنێک نین لە ململانێکان، بۆیە فەرەنسا هەرگیز لەم دۆخەی ئێستا بەشداری هیچ ئۆپەراسیۆنێک ناکات بۆ کردنەوە یان کۆنترۆڵکردنەوەی گەرووی هورمز”.

ماکرۆن بە راشکاوی هەڵوێستی وڵاتەکەی روون دەکاتەوە و دەڵێت: “لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە، فەرەنسا ئەم شەڕەی هەڵنەبژاردووە. ئێمە بەشدار نین تێیدا و پێگەی ئێمە بە تەواوی پێگەیەکی بەرگرییە لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییەکانمان و وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوپەیمانەکانمان”.

هەروەها سەرۆکی فەرەنسا ئامانجەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە بە دوو خاڵی سەرەکی دیاری دەکات کە بە گوتەی خۆی “لە رۆژی یەکەمەوە روونن و نەگۆڕاون”؛ ئامانجی یەکەم پاراستنی هاووڵاتییان، بنکە دیپلۆماسی و سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی فەرەنسایە لە ناوچەکە. دووەمیشیان وەستانە لە پاڵ ئەو هاوبەشانەی کە رێککەوتنی بەرگرییان لەگەڵ پاریس هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی فەرەنسا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاریس بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز، بەڵام ئەمە دوای سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی و بەبێ بوونی هیچ رۆڵێکی ئەمریکا دەبێت.

لەم بارەیەوە ماکرۆن گوتی: ئێمە باوەڕمان وایە کاتێک دۆخەکە هێور دەبێتەوە و بۆردوومانەکان دەوەستن، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئامادە دەبین بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی پارێزگاریکردن لە رێڕەوەکە.”

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە گفتوگۆی لەگەڵ ماکرۆن کردووە و لە هەڵوێستەکەی بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانان بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز، نمرەی “8 لە 10″ی پێداوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە پێشبینی دەکات فەرەنسا پەیوەندی بەو هەوڵانەوە بکات کە ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات.



سەرچاوە

Related Posts