ئێرانجیهان

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران: وەڵامێکی پ…


 

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دەکات و رایدەگەیێنێت: “وەڵامێکی پەشیمانکەر و یەکلاییکەرەوەمان دەبێت.”

 

رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران پەیامێکی لەبارەی کوژرانی عەلی لاریجانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەم جۆرە کارە تاوانکارییانە نابنە رێگر لەبەردەم رێگەی پاراستنی سەربەخۆیی، ئازادی، یەکپارچەیی خاکی و سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران.”

 

ئەمیر حاتەمی ستایشی رۆڵی لاریجانی کرد و گوتی: “بێشک حیکمەت، چارەسەر و دووربینیی ئەو شەهیدە گەورەیە لەسەر بنەمای هزری شۆڕشگێڕانە، چەندین دەستکەوتی هەمیشەیی بۆ وڵاتە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشتووە.”

 

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران جەختی لە تۆڵەکردنەوە کردەوە و بەڵێنی دا کە “لە تۆڵەی کوژرانی لاریجانی و سەرجەم هاوەڵانی، وەڵامێکی پەشیمانکەر و یەکلاییکەرەوەمان دەبێت.”

 

رۆژی سێشەممە 17-03-2026، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، بەیانیی هەمان رۆژ لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە تاران، عەلی لاریجانی کوژراوە.

 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەو هێرشەدا جگە لە عەلی لاریجانی، مورتەزا لاریجانیی کوڕی و عەلیڕەزا بەیات، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانیان گیانیان لەدەستداوە.

 

لە 28ی شوباتی 2026  ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد؛ لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی بوو. لە بەرامبەریشدا، سوپای پاسداران و سوپای ئێران بە زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی وەڵامی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەکەدا داوەتەوە.

 





سەرچاوە

Related Posts