سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هۆشدارییەکی تووند دەداتە هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، و رایدەگەیێنێت کە لە کاژێرەکانی داهاتوودا چەند دامەزراوەیەکی نەوتی و گازی لەو وڵاتانە دەکاتە ئامانج، بۆیە داوا لە دانیشتووان و کارمەندان دەکات بەپەلە ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، هۆشدارییەکی بەپەلە دراوەتە هاووڵاتییانی ئەو سێ وڵاتە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە دامەزراوە نەوتییەکان دووربکەونەوە. هۆشدارییەکە بە دیاریکراوی ئاراستەی دانیشتووانی نزیک لە پاڵاوگەی (سامرێف) و کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی (جوبەیل) لە سعودیە، کێڵگەی گازی (حوسن) لە ئیمارات، هەروەها کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی (مەسەعید) و کۆمپانیای مەسەعید هۆڵدینگ لە قەتەر کراوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سوپای پاسداران بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ناوەندانە “لە کاژێرەکانی داهاتوودا دەکرێنە ئامانج.”










