سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، پەیوەندییەکی سەرۆکی ئەمریکا پێگەیشت؛ تێیدا پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانیان بۆ سەر ئیمارات تاوتوێ کرد.
پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد.
لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی کرد
سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە، کە هێرشە بەردەوامەکانی تاران بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانی وڵاتەکەی، پێشێلکردنی راشکاوانەی سەروەریی نیشتمانی و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد و هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی ئەمریکای بۆ ئیمارات و وڵاتانی ناوچەکە دووپات کردەوە لە بەرگریکردن لە خاک و سەقامگیریی خۆیاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.










