ئێرانجیهان

ناتانیاهۆ: شەوێکی سەخت بەڕێ دەکەین

دەستەی پەخشی میدیایی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمشەوی ئێران بۆ سەر شاری عەراد (نەقەب) گەڕەکێک بە تەواوەتی وێران بووە.

هەروەها دەزگای فریاگوزاری ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشی مووشەکی ئێرانەوە لە شاری عەراد 220 کەس بوونەتە قوربانی بە کوژراو و بریندارەوە.

دوای ئاشکرابوونی کاریگەریی هێرشەکانی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، شەوێکی سەخت بەڕێ دەکەین، بەڵام لە تەواوی بەرەکان درێژە بە جەنگ دەدەین.

هەروەها سەرۆکی شارەوانی عەراد رایگەیاندووە، لەو گەڕەکەی کەوتووەتە بەر هێرشی مووشەکی، هەرچی زووە پێویستە نزیکەی 150 خێزان بۆ شوێنێکی ئارام و پارێزراو بگوزرێنەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، تیمەکانی فریاگوزاری ئیسرائیل بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدار و خەڵکی ئاسایی بەردەوام لە گەڕان لەنێو داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان بە دوای دۆزینەوە ئەوانەی هێشتا زیندن و دەرهێنانەوەی تەرمی ئەوانەشی بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون.

بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەکانی فەرماندەیی بەرەی جەنگیی ناوخۆ ئیسرائیل، ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشەکەی سەر شاری عەراد (نەقەب)ـی باشووری ئیسرائیل ئەنجامداوە، مەزندە دەکەن کڵاوەی هەر یەکێک لە مووشەکەکان هەڵگری سەدان کیلۆ ماددەی تەقەمەنی تێدا بوو بێت.

فەرماندەییەکە راشیگەیاندووە، تیمە پسۆرەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لەو جۆرە مووشەکەی لە هێرشەکەدا، ئێران بەکاری هێناوە.

سەرچاوە

Related Posts