ئێرانجیهان

سوپای پاسداران: لە شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانماندا…


 

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە شەپۆلی 73ـەمی ئۆپەراسیۆنی “وەعدەی سادقی 4″دا، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ناوچەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بەو هۆیەشەوە “زیاتر لە 200 کەس کوژراون و بریندار بوون.”

 

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێرشەکان بە دروشمی “یا حەیدەر عەلیەسەلام” و بۆ رێزگرتن لە “ئازایەتیی شەهیدانی بەرگریی ئاسمانی” وڵاتەکە کراون، کە تێیدا ناوچەکانی باکوور و باشووری ئیسرائیل بە مووشەک و درۆنەکانی هێزی بۆشایی و ئاسمانی سوپا کراونەتە ئامانج

 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، دامەزراوە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە شارەکانی عەراد، دیمۆنا، ئیلات، بئر ئەلسەبع و کریات گەت کراونەتە ئامانجی مووشەکەکان، ئەوەش “دوای تێکشکانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل.”

 

سوپای پاسداران هەروەها دەڵێت، هەر لەو هێرشانەدا، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عەلی ئەلسالم، مەنهاد و ئەلزەفرە لە ناوچەکەدا، بە مووشەکەکانی جۆری “فەتاح”، “قەدر”، “عیماد” و درۆنی خۆتەقێن بە “وردی” پێکراون.

 

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی “راپۆرتە مەیدانییەکان”، تەنیا لە کاتژمێرە یەکەمەکانی هێرشەکەدا، “زیاتر لە 200 کەس کوژراون و بریندار بوون.”

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل “گوشاریان خستووەتە سەر رۆژنامەنووسان و شایەتحاڵەکان بۆ سانسۆرکردنی قەبارەی تێکدانەکان و شاردنەوەی راپۆرتەکان لەبارەی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان.”

 

میدیا و بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، کە شەوی رابردوو ئێران دوو شوێنی سڤیلی بە ئامانج کردووە.  ئیلا واویا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیا عەرەبییەکان، رایگەیاند: “تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا، زیاتر لە 70 کەس لە دوو گەڕەکی جیاوازی مەدەنی لە نێو ئیسرائیل بریندار بوون.”

 





سەرچاوە

Related Posts