لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی دا بۆ سەر ژێرخانی سەربازی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگی تەقینەوە لە پێنج پارێزگای ئەو وڵاتە بیستراون.
بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، لە 23مین رۆژی شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران لە پارێزگاکانی هورموزگان (باشووری ئێران)، تاران، گیلان و ئەلبەرز (باکووری ئێران)، مەرکەزی (ناوەندی ئێران) و هەمەدان (رۆژئاوای ئێران) دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراون.
کاژێر 03:30 رۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی زنجیرەیەک هێرشی فراوانی بۆ چەند ئامانجێک لە تاران راگەیاند و کەمێک دواتر ڤیدیۆی تەقینەوەی بەهێز لە شاری دەماوەند لە رۆژهەڵاتی پارێزگای تاران و چەند ناوچەیەکی شاری تاران بڵاوکرانەوە.
لەبارەی هێرشەکانەوە ئەرتەشی ئێران رایگەیاند: “درۆنێکی دووژمن پێش ئەوەی هێرش بکات لە ئاسمانی تاران خرایە خوارەوە”.
میدیای ئێران هێرش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی باشووری تاران و شاری کەرەج لە پارێزگای ئەلبەرزیان پشتڕاست کردەوە.
هەر بەیانیی ئەمرۆ یەکشەممە لە شارەکانی مەلارد، پەردیس، دەماوەند و شاری رێی پارێزگای تاران دەنگی تەقینەوە بیسترابوون.
لە شارەکانی فەردیس و کەرەجی پارێزگای ئەلبەرز، تەفرەش و فەراهانی پارێزگای مەرکەزی، مەلایەری پارێزگای هەمەدان و رەشتی پارێزگای گیلان سووڕانی فڕۆکە و دەنگی تەقینەوە هەبوون.
لە شارەکانی پارسیان و قیشمی پارێزگای هورموزگان دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراون.
بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی پارێزگای هورمزگان لە هێرش کراوەتە سەر هۆڵی وەرزشی دوورگەی لارکی قیشم.
قیشم بە پانتایی هەزار و 491 کیلۆمەتری چوارگۆشە گەورەترین دوورگەی ئێرانە و لە نزیک تەنگەی هومرز هەڵکەوتووە. زۆرینەی دانیشتووانی عەرەبی سوننەن.
رۆژی شەممە 21/3/2026 هێرشێکی بەرفراوان کرابووە سەر ئەم دوورگە ستراتیژییەی ئێران لە کەنداو. بەگوتەی حوسێن ئەمیر تەیموری، قایمقامی قیشم، لەم هێرشانەدا زیان بەر پرۆژەی ئاوی دوورگەی لارک کەوتبوو.










