ئێرانجیهان

زیاتر لە 81 هەزار باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایانگەیاند کە بەهۆی هێرشە ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ژێرخانی ئاو و کارەبای وڵاتەکە زیانی فراوان و کوشندەی بەرکەوتووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران، ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دامەزراوەکانی ئاو و کارەبا لە سەرتاسەری وڵات زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە دەیان وێستگەی پاڵاوتنی ئاو و تۆڕەکانی گواستنەوەی وزە لەکار کەوتوون، ئەمەش ژیانی هاووڵاتییانی بەرەو کارەسات بردووە.

لە لایەکی دیکەوە، پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی مانگی سووری ئێران، رایگەیاند کە بەپێی دواین هەڵسەنگاندنە مەیدانییەکان، ژمارەی ئەو شوێنە مەدەنییانەی زیانیان بەرکەوتووە گەیشتووەتە 81,365 شوێن، کە بریتین لە ماڵ، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و ئۆتۆمبێل. بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا 210 منداڵ بوونەتە قوربانی. هەروەها لە کەرتی ژێرخاندا، 498 قوتابخانە و 275 بنکەی تەندروستی کراونەتە ئامانج.

ئاژانسەکانی هەواڵی “فارس” و “ئیسنا” وێنەی وێرانکارییەکانیان لە شارەکانی ئەهواز و تەورێز بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا تیمەکانی فریاکەوتن خەریکی دەرهێنانی تەرمەکانن لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانە و بینا نیشتەجێبووەکاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دواین هۆشداریی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاندبوو ئەگەر لە ماوەی دوو رۆژدا گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا نەکرێتەوە، ئەوا وێستگەکانی کارەبای ئێران دەبنە ئامانجی داهاتووی هێرشەکان. گەرووی هورمز، کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا پەکیکەوتووە.

لە وەڵامی ئەم هەڕەشەیەی ترەمپدا، تاران هۆشداری داوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر وێستگەکانی کارەبای، ئەوا هەموو دامەزراوەکانی وزە و وێستگەکانی ئاوی دەریا لە تەواوی ناوچەکە وڵاتانی کەنداو دەکاتە ئامانج، ئەمەش مەترسیی فراوانبوونی شەڕەکە و بڕانی ئاو و کارەبای لە ناوچەیەکی فراوانتردا لێدەکرێت.

سەرچاوە

Related Posts