ئێرانجیهان

بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێویستە ئاستی جەنگ فراوانتر بکەین

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی رۆژانە سیستەمە مووشەکییەکان و کارگەکانی چەک لە ناوخۆی ئێران تێک دەشکێنن، جەختیشی کردەوە کە واشنتن ستراتیژیی قورسترکردنی جەنگ بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوە پەیڕەو دەکات.

یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “Meet the Press”ی کەناڵی NBC، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران و گوتی: “ئێمە رۆژانە مووشەک و سیستەمە مووشەکییەکان و ئەو کارگانەی ئەو چەکانە بەرهەم دەهێنن، تێکدەشکێنین.”

بیسێنت ئاماژەی بەوە کرد کە ژەنەراڵ کەین و پیت هەگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رێبەرایەتیی کەمپینێکی سەربازیی فراوان دەکەن بۆ لەناوبردنی تەواوی ئەو سەنگەر و قەڵا سەربازییانەی کە ئێران لە درێژایی گەرووی ستراتیژیی هورمزدا دروستی کردوون.

سەبارەت بە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ و ئەوەی ئایا واشنتن بەرەو هێورکردنەوە دەچێت یان قورسترکردنی جەنگەکە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: “ئەم دوو بژاردەیە دژ بە یەک نین؛ هەندێک جار پێویستە ئاستی جەنگەکە بەرز بکەیتەوە تاوەکوو بتوانیت دۆخەکە بەرەو هێورکردنەوە و کۆتاییهێنان بە گرژییەکان ببەیت.”

سەرچاوە

Related Posts