دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە و لە وەڵامی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێراندا گوتی: “دەبینین ئایا ئەو راست دەکات یان نا.”
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی “نیوزنەیشن” هات، وەک کاردانەوەیەک بۆ قسەکانی عێراقچی کە وتبووی تاران تەسلیمی هەڕەشەکانی ئەمریکا نابێت بۆ لێدانی وێستگەکانی وزە.
پێشتر عەباس عێراقچی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی (X) رایگەیاندبوو؛ گەرووی هورمز دانەخراوە، بەڵام هۆکاریی کەمیی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمپانیاکانی دڵنیایی لەو شەڕە دەترسن کە ترەمپ هەڵیگیرساندووە. عێراقچی نووسیبووی: “هیچ کۆمپانیایەکی دڵنیایی و هیچ ئێرانییەک بۆ هەڕەشەی زیاتر سەر دانانوێنن. رێزگرتن تاقی بکەنەوە.” هەروەها جەختی کردەوە، “ئازادی دەریاوانی بێ ئازادی بازرگانی بوونی نییە.”
رۆژی یەکشەممە، ترەمپ لە رێگەی سەکۆی “تروس سۆشیاڵ”ەوە مۆڵەتی 48کاتژمێری دایە ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی کرد، وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە تێکدەشکێنێت و لە گەورەترینیانەوە دەست پێ دەکات.
لە بەرامبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە رێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیا وەڵامیان دایەوە و رایانگەیاند: “ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەکانی جێبەجێ بکات، گەرووی هورمز بە تەواوەتی دادەخەین و تا ئەو کاتەی وێستگە تێکدراوەکانمان سەرلەنوێ بنیاد نەنرێنەوە، گەرووەکە ناکەینەوە.”
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان کە رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت. لە2ـی ئادارەوە ئێران هاتوچۆی لەو گەرووەدا سنووردار کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی، کە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئابووری جیهان دروست کردووە.










