لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری جەنگ، وڵاتانی تورکیا، میسر و پاکستان پەیامیان لە نێوان ئەمریکا و ئێران گواستووەتەوە.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، کە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر و پاکستان لە دوو رۆژی رابردوودا رۆڵێکی کاریگەریان بینیوە لە گواستنەوەی پەیامەکان لە نێوان هەر دوو وڵات.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم وەزیرانە بە جیا گفتوگۆیان لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
هەروەها تۆڕی هەواڵی فۆکس نیووز لە زاری دۆناڵد ترەمپ، بڵاویکردەوە، کە ئێران زۆر پەرۆشە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی پێنج رۆژ یان کەمتردا رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکرێت.
هاوکات کەناڵی “فۆکس” ئاشکرای کردووە، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گفتوگۆیەکی چڕ بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە ئەنجامدراوە. لەم گفتوگۆیانەدا هەریەک لە جارید کوشنەر و ویتکۆف بەشدار بوون بۆ تاوتوێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ لایەنی ئێرانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس” پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکان “زۆر بەرهەمدار و باش” بوون. ترەمپ گوتی: “بەهۆی سروشتی ئەم گفتوگۆ چڕ و وردانە کە بە درێژایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن، فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ کردووە کە هەر جۆرە کارێکی سەربازی دژ بە وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 5 رۆژ رابگرن، تاوەکوو ئەنجامی کۆتایی کۆبوونەوەکان دەردەکەوێت.”
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی مەعاریڤی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی تەلئەڤیڤ بە تەواوی ئاگاداری ئەم کەناڵە دیپلۆماسییانەن و پێیان وایە کە رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان بەرەو کۆتایی دەچن. ناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیل دەڵێن لێدوانەکانی ترەمپ نیشانەی بوونی کەناڵێکی پەیوەندیی چالاکە کە ماوەیەکە لە پشت پەردەوە کار دەکات.
سەرەڕای ئەم لێدوانانەی ترەمپ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، حکومەتی ئێران بە فەرمی هەبوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ واشنتن بۆ راگرتنی جەنگ رەت کردەوە. ئەم دژایەتییەی تاران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە وریاییەوە چاوەڕێی کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتە 5 رۆژەیە دەکات کە ترەمپ دیاریکردووە.










