سەعد مەعەن، سەرۆکی راگەیاندنی شانەی ئەمنی عێراق لە بارەی کشانەوەی هێز و راوێژکارییە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، هیچ هێرشێک نەکراوەتەسەر نێردەی ناتۆ لە عێراق .
راشیگەیاند، کشانەوەی هێزی هاوپەیمانیی ناتۆ لە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بووە.
هەواڵی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی سەربازی هاوپەیمانەکە کە بنکە سەرەکییەکی لە شاری مۆنسی بەلجیکایە و تێیدا هاتووە “سەرجەم ئەندامە گرنگەکانی لە عێراق بە سەلامەتی و پارێزراوی بەرەو ئەوروپا دەکشێنێتەوە”.
هەروەها جەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکێویچ، لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا و فەرماندەی باڵای هاوپەیمانیی ناتۆ لە ئەوروپا رایگەیاندووە ” سوپاسی عێراق و هەموو هاوپەیمانان دەکەم کە لە گواستنەوەی سەلامەتی کارمەندانی ناتۆ لە عێراقەوە بۆ ئەوروپا هاوکار بوون”.
نوێنەرایەتی ناتۆ لە عێراق بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە وەک ئەرکێکی مەشق و راوێژکاری ناجەنگی بۆ پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعش دامەزراوە.










