ئێرانجیهان

جەی دی ڤانس و روبیۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەککەوتنی تەواوەتی سوپای ئێرانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە واشنتن ئاسمانی تارانی کۆنترۆڵ کردووە. ترەمپ جەختی کردەوە کە تاران لە ژێر قورسیی هێرشەکاندا پەنای بۆ دانوستان بردووە و ئامادەیە دەستبەرداری پڕۆژە ناوەکییەکەی ببێت، هاوکات وردەکاریی تێکشکاندنی هێرشێکی مووشەکیی گەورەی بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا ئاشکرا کرد.

سێشەممە 24ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو توانا جەنگییەکانیان لەدەستداوە، ئێران چیتر نە هێزی دەریایی ماوە و نە هێزی ئاسمانی، تەنانەت سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیشیان تێکشکاون. ئێمە ئێستا بە تەواوی بە ئازادی بەسەر ئاسمانی شاری تاراندا دەسووڕێینەوە و هەرچییەک بمانەوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێران 101 مووشەکی ئاراستەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “ئەبراهام لینکۆڵن” کردووە، بەڵام سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە هەر 101 مووشەکەکە لە ئاسماندا بپێکن و بیخەنە ناو دەریاوە. ترەمپ ئەمەی وەک نیشانەی باڵادەستیی تەکنۆلۆژیای سەربازیی وڵاتەکەی ناوبرد و گوتی: “ئەوان هەوڵی خۆیان دا، بەڵام تاکە یەک مووشەکیان نەگەیشتە ئامانج.”

سەبارەت بە لایەنی دیپلۆماسی، ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئێوارەی یەکشەممە گفتوگۆی زۆر باش لە نێوان واشنتن و تاران بەڕێوەچووە. ترەمپ گوتی: “ئەوان خۆیان پەیوەندییان کردووە، چونکە بە جددی دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن. من فەرمانم داوە بۆ ماوەی 5 ڕۆژ بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبا ڕابگیرێت، تاوەکوو بزانین ئەم گفتوگۆیانە بە کوێ دەگەن.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە و جەی دی ڤانس، مارکۆ ڕوبیۆ و جارد کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف لە تیمی دانوستاندکار دان و لەگەڵ کەسایەتییەکی باڵا و ڕێزلێگیراوی ئێرانی قسە دەکەن.

ترەمپ مەرجی سەرەکی بۆ هەر ڕێککەوتنێک بە “نەهێشتنی تەواوەتی بەرنامەی ناوەکیی ئێران” دانا و گوتی: “ئەگەر ئێمە هێرشمان نەکردایە، تاران لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبووە خاوەن چەکی ناوەکی. ئێستا ئەوان ڕازی بوون کە هەرگیز ئەو چەکەیان نەبێت.” ترەمپ هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی ئاشتییەکی درێژخایەن کە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەک سعوودیە و ئیمارات لێی ڕازی بن.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵ وەک وڵاتێکی “خراپ و شەڕانگێز” ڕەفتاری کردووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی پێ بهێنرێت. سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، ترەمپ گوتی: “من نامەوێت ئەو بکوژرێت، بەڵام لە ڕاستیدا نازانم هێشتا لە ژیاندا ماوە یان نا، چونکە ئێستا لە ناوخۆی ئێراندا کەس نازانێت کێ فەرماندەیی دەکات و دۆخەکە پڕە لە ئاژاوە.”

نوێ دەکرێتەوە

سەرچاوە

Related Posts