کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا تاوتوێی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی یەک مانگ دەکات، ئەوەش بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت و تەرخانکردنی کات بۆ ئەنجامدانی دانوستان.
سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، کەناڵی 12ـی ئیسرائیل راپۆرتێکی لەبارەی چۆنییەتی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە ناوەندە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیل ترسیان هەیە لەوەی رێککەوتنێکی چوارچێوەیی گشتی لەگەڵ ئێراندا واژۆ بکرێت، لە کاتێکدا گفتوگۆکان بابەتە گرنگەکانی وەک دۆسیەی ئەتۆمی، بەرنامەی مووشەکی و هەژموونی ناوچەیی ئێران دەگرێتەوە.
ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاودەبێتەوە ناوچەکە لەژێر گرژییەکی سەربازی و دیپلۆماسی چڕدایە، لە لایەک ئەمریکا هەوڵی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاران دەدات، لە لایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل تێبینی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەر رێککەوتنێک هەیە کە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی تواناکانی ئەتۆمی و سەربازیی ئێران لەخۆ نەگرێت.
28ـی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران، لەوانەش تاران، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی و زیانی زۆری ماددی، لە بەرامبەردا ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.










