ئێرانجیهان

ئێران “سێیەم فێڵی تڕەمپ” رەتدەکاتەوە

ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە؛ پێشتر دوو جار رووبەڕووی ئەوە بووەتەوە کە ناوی ناوە “فێڵی تڕەمپ” و ئامادە نییە بۆ جاری سێیەم بکەوێتە هەمان داوەوە. 

بەگوێرەی راپۆرتەکە، کۆشکی سپی لە رێگەی کەناڵە نێوەندگیرەکانەوە تێرانی دڵنیا کردووەتەوە، تڕەمپ لە هەوڵەکانی بۆ دانوستان رژدە. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی بەشداریکردنی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکای لە گفتوگۆکاندا کردووە. ئەم پێشنیازە لەسەر راسپاردەی ستیڤن ویتکۆف، نێردەی سەرۆکایەتی ئەمریکا بووە، کە پێی وایە پێگەی فەرمی ڤانس و وێنای ئەو وەک کەسایەتییەکی کەمتر توندڕەو لای ئێرانییەکان، دەبێتە هۆی نەرمکردنی کەشی گفتوگۆکان.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە، بژاردەی ئەنجامدانی “ئۆپەراسیۆنی زەمینیی سنووردار” لە ناو خاکی ئێراندا هێشتا وەک یەکێک لە جێگرەوە سەربازییەکان لەبەردەم تڕەمپدایە، هەرچەندە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە. هاوکات، باس لە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە وڵاتی پاکستان دەکرێت، بەڵام ئەم بابەتە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و یەکلا نەکراوەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کاری لەپێشینەی ئێران ئێستا گەیشتنە بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی بۆردومانەکان بۆ سەر خاکەکەی. لە بەرامبەردا، ئیدارەی تڕەمپ هەوڵ دەدات زنجیرەیەک سازش و دەستکەوت لە ئێران وەربگرێت کە تاران لە خولەکانی پێشووی دانوستاندا رەتی کردبوونەوە. ئەمەش نیشانەی بوونی جیاوازییەکی گەورەیە لە نێوان هەڵوێستی هەردوولادا، سەرەڕای چڕبوونەوەی پەیوەندییەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە.

سەرچاوە

Related Posts