دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، سەرکردەکانی ئێران لەگەڵ واشنتن لە دانوستاندنی بەردەوامدان، بەڵام ئەو راستییە لە گەلەکەیان دەشارنەوە، ئاماژەی بەوە شکرد، دانوستانکارە ئێرانییەکان دەترسن لەلایەن گەلەکەیانەوە بکوژرێن ئەگەر وردەکارییەکان ئاشکرا ببن.
پێنجشەممە 26ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکی نوێدا جەختی لە سەرکەوتنی وڵاتەکەی کردەوە و گوتی: “من کۆتاییم بە 8 جەنگ هێناوە و ئێستاش لە جەنگمان دژی ئێران سەردەکەوین، ترەمپ گوتیشی، ئێرانییەکان زۆر پەرۆشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن چونکە “ئێمە هەموو شتێکمان لە ئێران تێکشکاندووە”.
هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترەمپ، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، چیتر پێویست بە کوشتار و وێرانکاری زیاتر ناکات، بەڵام ئەگەر ئێران دان بە شکستی سەربازی خۆیدا نەنێت، “سەرۆک ترەمپ زەبرێکی وایان لێدەوەشێنێت کە زۆر توندتر بێت لەوەی پێشتر بەسەریان هاتووە”.
لیڤیت گوتیشی: “ترەمپ بە گاڵتە هەڕەشە ناکات، ئەو ئامادەیە دەرگاکانی دۆزەخ بەڕووی ئێراندا بکاتەوە”. ئاماژەی بەوەش کرد، تاران دەبێت واز لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بهێنێت و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی رابگرێت.
کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە پێشنیازێکی 15 خاڵی خراوەتە بەردەم تاران، لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەموو جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆی رەتکردەوە و رایگەیاند: “حکوومەتەکەی ئێمە بەشداری هیچ گفتوگۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نەکردووە و پلانیشمان بۆ ئەوە نییە.”
عێراقچی روونیکردەوە، گۆڕینەوەی نامە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بە واتای دانوستان نایەت، بەڵکو تاران تەنیا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەو پێشنیازانەیە کە پێشکەشی کراون، ئەم ناکۆکییە لە لێدوانەکاندا لە کاتێکدایە کە واشنتن دەڵێت گفتوگۆکان بەردەوامن و بەرهەمداریش بوونە.










