وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد، کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای دهۆک.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دەوڵەتی ئیمارات بە توندترین شێوە ئەو هێرشە سەرکۆنە دەکات و نیگەرانی خۆی بۆ ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە دەربڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لە هاوسۆزی تەواوی وڵاتەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و بنەماڵەکەی، هەروەها لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە لەم بارودۆخەدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئیمارات بە توندی هەموو جۆرە توندوتیژییەک رەتدەکاتەوە کە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری بێت.










