ئێرانجیهان

سوپای پاسداران کوژرانی عەلیرەزا تەنگسیری،…


پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کوژرانی عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەو سوپایەی راگەیاند.

 

لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، تەنگسیری دوای ئەوەی سەرپەرشتی چەندین هێرشی کرد بۆ سەر ژێرخانەکانی “دووژمن” و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی، لە کاتی رێکخستنەوەی هێزەکان و بەهێزکردنی قەڵخانی بەرگریی دوورگە و کەناراوەکانی ئێران، بە سەختی بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

 

سوپای پاسداران باس لەوە دەکات کوژرانی فەرماندە باڵاکانیان نابێتەهۆی وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانیان و رایگەیاند: “هەروەک چۆن بە کۆچی رێبەرانی مەزنی وەک ئایەتوڵڵا خومەینی و ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێڕەوی شۆڕش نەوەستا، بە شەهیدبوونی فەرماندە مەیدانییەکانیش کارەکانمان بەهێزتر دەبن.”

 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەربازانی هێزی دەریایی سوپا گورزی جەرگبڕیان لە “دووژمن” داوە و بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی مەیدانی جەنگ لە تەنگەی هورمز. 

 

سوپای پاسداران کوژرانی ئەم فەرماندەیەی وەک داستانێکی نیشتمانی ناوبردووە و لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “لەگەڵ گەلی ئێران بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تاوەکو لەنێوبردنی تەواوەتیی دووژمن و رزگارکردنی قودسی شەریف، لە تێکۆشان ناوەستین.”

 

عەلیرەزا تەنگسیری یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارە سەربازییەکانی ئێران و بۆ چەندین ساڵ فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ بوو، بەتایبەتی لە ناوچە هەستیارەکانی کەنداو و تەنگەی هورمز.





سەرچاوە

Related Posts