ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند کە لە دوای هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە، سنووری پارێزگای هەولێر رووبەڕووی زیاتر لە 500 هێرشی درۆنی بووەتەوە، داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد هەڵوێستێکی توندی هەبێت و قەرەبووی زیانلێکەوتووان لە بودجەی فریاگوزاریدا جێگیر بکات.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر وەک پایتەخت، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام بوونەتەوە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 500 هێرشی ناڕەوا لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کراوەتە سەر سنووری پارێزگاکە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گروپە “تیرۆریست و میلیشیا چەکدارانەی” لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمن، نەک تەنها خەڵکی سڤیل و بێتاوان، بەڵکو ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانیشیان کردووەتە ئامانج، لەوانەش کێڵگەی گازی کۆرمۆر و پاڵاوگەکان.
ئومێد خۆشناو نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و رایگەیاند: “ئەم هێرشانە بە بەیاننامە و ئیدانەکردن کۆتاییان نایەت، پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت و رێگریی بکات لەو پێشێلکارییانە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە دەکرێن”.
لە بارە کێسە دارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، پارێزگاری هەولێر گوتی،” عێراق لە ساڵی 2014ـوە بودجەی بەکارخستن و شایستە داراییەکانی هەرێمی نەناردووە، کە مانگانە بڕەکەی بە زیاتر لە 300 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێم لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان بەردەوامە.
لە کۆتاییدا پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری پایتەخت لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا.










