ئێرانجیهان

عێراقچی: هیچ کات رەتمان نەکردوەتەوە بۆ دانوستاندن…


 

 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی شەممە (04-04-2026) باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ کاتێک چوونی بۆ پاکستان رەتنەکردووەتەوە، کە ئێستا سەرپەرشتیی هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات.

 

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی: “ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، مەرجەکانی کۆتاییهێنانێکی یەکجاری و هەمیشەیییە بەو جەنگە نایاساییەی بەسەرماندا سەپێندراوە.”

 

ئەم لێدوانەی عێراقچی لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 3-4-2026 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، نێوەندگیرانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە سەرۆکایەتیی پاکستان بە بنبەست گەیشتوون. 

 

رۆژنامەکە گوتی، ئێران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە ئامادە نییە لە رۆژانی داهاتوودا لە پاکستان لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن کۆببێتەوە و مەرجەکانی ئەمریکاش بۆ ئاگربەست و رێککەوتن بەلایەوە پەسند نین. 

 

هەفتەی رابردوو میسر، پاکستان، سعودیە و تورکیا دەستیان بە هەوڵێکی نێوەندگیری بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کرد و لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵات لە ئیسلام ئاباد کۆبوونەوە.

 

ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ رۆژی 27-03-2026 لە مەیامی رایگەیاند، پێشنیازێکی 15 خاڵییان داوەتە ئێران بە مەبەستی رێککەوتن ” کە دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات.”

 

25ی مانگ میدیای ئەمریکی گوتی خاڵەکان ئەمانەن: 

 

1 – دەبێ ئێران تواناکانی ئێستای ئەتۆمی هەڵبوەشێنێتەوە.

 

2 – دەبێ ئێران بەڵێن بدات هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات.

 

3- نابێ هیچ پیتاندنێکی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران هەبێت.

 

4-  دەبێ ئێران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی رادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات.

 

5- دەبێ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و وێستگەی پیتاندنی سووتەمەنیی فۆردۆ هەڵبوەشێندرێنەوە.

 

6-  دەبێ رێگەی تەواو بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدرێت بگاتە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

 

7- ئێران دەبێ واز لە گرووپە نزیکەکانی لە ناوچەکە بهێنێت.

 

8-  ئێران دەبێ پارەدارکردن، ئاراستەکردن و پڕچەککردنی گرووپە نزیکەکانی رابگرێت.

 

9-  دەبێ تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە.

 

10-  دەبێ بەرنامەی مووشەکیی ئێران لە رووی مەودا و ژمارەوە سنووردار بکرێت.

 

11-  ئێران دەبێ بەکارهێنانی مووشەک تەنیا بۆ بەرگری لە خۆی سنووردار بکات.

 

12-  کۆتاییهێنان بەو سزایانەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەپێندراون.

 

13-  یارمەتیی ئەمریکا بۆ پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی مەدەنی.

 

14-  لابردنی میکانیزمی سناپباک کە رێگە بە سەپاندنەوەی ئۆتۆماتیکیی سزاکان دەدات ئەگەر ئێران پابەند نەبێت.





سەرچاوە

Related Posts