بەرپرسێکی حکوومەتی ئەمریکا راگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە دووەم ئەندامی تیمی ئەو فڕۆکە جەنگییە جۆری (F-15E)ـە رزگار بکەن کە پێشتر لەناو ئاسمانی ئێراندا خرابووە خوارەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەی رزگارکردنی ئەو فڕۆکەوانە کارێکی ئاسان نەبووە و دوای پێکدادانێکی توند و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ هێزە نەیارەکان ئەنجامدراوە، تا دواجار توانراوە بگەیەنرێتە شوێنێکی ئارام.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکە لەلایەن “هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا”وە جێبەجێ کراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە، هێزە تایبەتەکە دوای تەواوکردنی ئەرکەکەیان و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی فڕۆکەوانەکە، خاکی ئێرانیان جێهێشتووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا و رزگارکردنی فڕۆکەوانەکە لەناو خاکی ئێراندا وەک ئۆپەراسیۆنێکی هەستیار و مەترسیدار وەسف دەکرێت.










