گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، هێزەکانیان رووبەڕووی هەوڵێکی “بێهودەی” ئەمریکا بوونەتەوە کە بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانێکی جەنگیی تێکشکاو ئەنجام درابوو.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا رایگەیاند: “بەرەبەیانی (5ی نیسانی 2026)، ژمارەیەک فڕۆکەی سوپای ئەمریکا بە مەبەستی رزگارکردنی فڕۆکەوانێکیان کە فڕۆکەکەی پێشتر خرابووە خوارەوە، سنووری ئاسمانیی ئێرانیان بەزاند.”
ئیبراهیم زولفەقاری دەڵێت: “هێزە چەکدارەکان توانییان چوار فڕۆکە و کۆپتەری ئەمریکی بپێکن، کە پێکهاتبوون لە دوو فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری (C-130) و دوو کۆپتەری (بلاک هۆک)؛ دواتر ناچاریان کردن لە ناوچەیەکی باشووری ئیسفەهان نیشتنەوەی بەپەلە ئەنجام بدەن.”
گوتەبێژەکە دەڵێت، دوای ئەوەی هێزەکانی ئێران گەمارۆی ناوچەکەیان تەواو کرد، سوپای ئەمریکا بۆ شاردنەوەی “سەرشۆڕییەکەی تڕەمپ و تێکنەشکانی شکۆیەکی پووچی سوپاکەی”، پەنای بۆ بۆردوومانکردنی فڕۆکە و کەلوپەل و تەنانەت فەرماندە و سەربازە بریندارەکانی خۆی بردووە و هەموویانی لەنێو بردوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی ئەمریکا و گوتی: “ئەو سەرۆکە نەفامەی ئەمریکا کە لە زۆنگاوی جەنگ و دەستدرێژییەکانیدا چەقیوە، لەگەڵ جەنراڵە بێ هونەر و ترسنۆکەکانی سوپای ئەمریکا، باش تێگەیشتن کە هەر جۆرە دەستدرێژی و دزەکردنێک بۆ ناو خاکی ئێران، بە مشتە پۆڵایینەکانی هێزی بەسیج و گەلی ئازای ئێران، رووبەڕووی شکستی تووند و شەرمەزارکەر دەبێتەوە.”










