ئێرانجیهان

لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی تاراندا 17 کەس کوژران


رووداو – دیجیتاڵ

 

قائیمقامی قەزای بەهارستان لە پارێزگای تاران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر دوو یەکەی نیشتەجێبوون، 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە ئەنجامی هێرشێک لە رۆژهەڵاتی تاران 4 کەس کوژران و 7ی دیکەش بریندار بوون.

 

ئەمڕۆ دووشەممە، 06-04-2026، عەبدولحەمید شەرەفی، قائیمقامی قەزای بەهارستانی سەر بە پارێزگای تاران رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر پرۆژەی نیشتەجێبوونی (قەڵای میر) لە سنووری قەزاکە و دوو خانوویان کردووەتە ئامانج.

 

بەگوتەی قایمقامی بەهارستان، تاوەکو ئێستا تەرمی 13 کەس لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لە ژێر داروپەردووی خانووەکان دەرهێنراون. ئاماژەی بەوەش کردم پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن بەردەوامە، چونکە گومان دەکرێت هێشتا کەسانی دیکە لە ژێر پاشماوەی خانووە رووخاوەکاندا مابنەوە و ژمارەی قوربانییەکان بەرزببێتەوە.

 

هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر رۆژهەڵاتی تاران، سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون.

 

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە هێرشەکە کاژێر 03:15ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کراوە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی مانگی سووری ئێران، تاوەکو ئێستا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

لە ئەنجامی هێرشەکەدا سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوون بە تەواوی تەخت بوون و زیاتر لە 50 یەکەی دیکەی نیشتەجێبوونیش بەهۆی تووندی تەقینەوەکەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

 

تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتن بە ئامێری قورس بەردەوامن لە گەڕان و لادانی داروپەردووەکان، چونکە گومان دەکرێت هێشتا کەسانی دیکە لەژێر پاشماوەی باڵەخانە رووخاوەکاندا مابنەوە و ژمارەی قوربانییەکان بەرزببێتەوە.

 

ئەم هێرشە خوێناویترین رووداوی زنجیرە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆیە، کە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێرانی گرتووەتەوە، کە تێیدا چەندین بنکەی سەربازی، زانستی و ناوچەی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج.

 

هەر لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری قومی ئێران پێنج کەس گیانیان لە دەستداوە.

 





سەرچاوە

Related Posts