ئیسرائیل لە قۆناخی نوێی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئێران، کەرتی گواستنەوە و بەتایبەتی هێڵە ئاسنینەکان و شەمەندەفەرەکانی کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی “ئێکس” (بە زمانی فارسی)، هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتیانی ئێران کرد و داوای لێکردن تا کاتژمێر 9:00 شەو بەکاتی تاران، لە شەمەندەفەرەکان و هێڵە ئاسنینەکان دوور بکەونەوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: “بۆ سەلامەتی خۆتان، لە بەکارهێنانی شەمەندەفەر و هاتووچۆ پێیاندا دوور بکەونەوە، چونکە بوونتان لەو شوێنانە مەترسی لەسەر ژیانتان دروست دەکات.”
هاوکات لەگەڵ ئەم هۆشدارییە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شارەکانی شیراز، کەرەج، شەهریار و یەزدی هەژاندووە. پێشتریش تەقینەوە لە چەندین ناوچەی پارێزگای تاران وەک ئیسلام شەهر، واڤان و رودهین روویاندابوو، بووە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەبا لەو ناوچانە.
لە لایەکی دیکەوە، چەند تەقینەوەیەک لە سەر بە سوپای پاسداران لە بەندەری “جاسک” لەسەر کەنداوی عومان و چەند ناوچەیەکی پارێزگای فارس و قەزوین تۆمارکراون. هەروەها میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر تاران، پەرستگایەکی جووەکان (کەنیسە) بە تەواوی وێران بووە.
لە کۆتاییدا، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند؛ شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە و کۆتایی پێهێناوە، کە ئامانج لێی لێدانی ژێرخانی سەربازی و ستراتیژیی دەوسەڵاتی ئێران بووە لە تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە.










