ئێرانجیهان

ئێران: سێ درۆنی ئەمریکیمان لە تاران و هورمزگان…


سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سێ درۆنی ئەمریکییان لە ئاسمانی پارێزگاکانی تاران و هورمزگان خستووەتە خوارەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، سوپای پاسداران رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە شاری ملارد لە پارێزگای تاران کارا کراون و توانیویانە بە “سەرکەوتوویی” درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) بخەنە خوارەوە.

 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، درۆنی MQ-9 یەکێکە لە پێشکەوتووترین درۆنە سیخوڕی و جەنگییەکانی ئەمریکا کە توانای 27 بۆ 36 کاژێر فڕینی بەردەوامی هەیە و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پێکانی وردی ئامانجەکان بەکاردێت.

 

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردووتەوە، لە ئاسمانی گورمزگان توانیویانە دوو درۆنی ئەمریکی لە جۆری (لوکاس) تێکبشکێنن. 

 

لوکاس درۆنێکی فرەئەرکی ئەمریکییە و بۆ ماوەی 6 کاژێر دەتوانێت لە ئاسماندا بمێنێتەوە.

 

بەگوێرەی سوپای پاسداران، درۆنی لوکاس لە شێوەی درۆنی شاهد 136ی ئێرانی دروست کراوە.

 

تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ کاردانەوە و لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی خستنەخوارەوەی ئەو سێ درۆنە بڵاونەکردووەتەوە.

 

بەگوێرەی ئامارە جیاجیاکانی سوپای ئێران و سوپای پاسداران، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 171 درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە خوارەوە.

 

جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە، درۆنەکانی هەردوولا گۆڕەپانێکی فراوانی جەنگەکەیان داگیرکردووە.

 





سەرچاوە

Related Posts