ئێرانجیهان

پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت، هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتیوانی لەو هەوڵانە بکات کە گرژییەکان کەمدەکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 08ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس”، رایگەیاند، هیوادارە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام بێت و ببێتە رێخۆشکەر بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.

مەسرور بارزانی، روونیشی کردەوە، سوپاسی تەواوی ئەو لایەنانە دەکات پشتیوانییان کردوون و یارمەتیدەر بوون بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەش دا، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک پاساویان نەبووە. ئەوەشی خستە روو، هیوادارە لە ئێستادا هەموو هێرشەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل، هێزەکانی پێشمەرگە، ژێرخانی هەستیار و نێردە دیپلۆماسییەکان کۆتاییان بێت.

لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتیوانی لەو هەوڵانە بکات کە گرژییەکان کەمدەکەنەوە و ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران:

ئومێدەوارم ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوام بێت و رێخۆشکەر بێت بۆ سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە هاوکارمان بوون لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. هێرشەکانی سەر کوردستان ناڕەوا و بێ پاساو بوون. هیوادارم هەموو هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە و ژێرخان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کۆتاییان پێ بێت.

هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

 

 

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە (8ی نیسانی 2026)، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. بڕیارە رۆژی هەینی، بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلامئابادی پایتەخت دەستپێبکات، بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن.

جەنگی نێوان ئێران و بەرەی مقاوەمە لە عێراق، لوبنان و یەمەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژی خایاند. ئەم جەنگە بووە بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتە و لە ئەنجامدا قەیرانی ئابووریی ناوچەکەی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەم ئاگربەستە، راستەوخۆ بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسەکانی جیهان و دابەزینی نرخی نەوت.

 

سەرچاوە

Related Posts