میدیاکانی ئێران پێکهاتەی شاندی وڵاتەکەیان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە.
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی تاران دەکات و هەریەکە لە محەممەد باقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران یاوەری دەبن.
ئەو میدیایە دەشڵێت، لە بەرامبەردا، شاندە ئەمریکییەکە بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەبێت و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، جارید کۆشنەر و براد کووپەر، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سێنتکۆم لەنێو شاندەکەدان.
بڕیارە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، وەک وڵاتی خانەخوێ سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکان بکات کە ئامانج لێی گۆڕینی ئاگربەستە بۆ رێککەوتنێکی گشتگیر.










