ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ شاندێکی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چووبێتە پاکستان، هاوکات جەخت دەکاتەوە دەستپێکردنی دانوستان پەیوەستە بە راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان.
ئاژانسی هەواڵی تەنسیم نزیک لە سوپای پاسداران، ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە هیچ شاندێکی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکا، نەچووتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان.
بە گوتەی سەرچاوەکە، تا ئەو کاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت و ئاگربەست لە لوبنان جێبەجێ نەکرێت، هەروەها ئیسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت، بە هیچ جۆرێک دانوستان ناکەن.










