ئێرانجیهان

قۆناغێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکرد

شاندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پاکستان وەک ناوبژیوان، قۆناغێکی نوێی دانوستانە سێقۆڵییەکانیان لە ئیسلام ئاباد دەستپێکرد. میدیاکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە دواهەمین دەرفەتە بۆ لایەنی ئەمریکی تا بگەنە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی تەسنیم ڕایگەیاند، پێش چەند خولەکێک قۆناغێکی نوێی گفتوگۆکان لە ئاستی باڵا دەستی پێکردووە. لەم کۆبوونەوەیەدا کەسایەتییە کاریگەر و بڕیاردەرەکانی هەردوولا ڕووبەڕوو لەسەر مێزی دانوستانن، کە بریتین لە شاندی ئێران، محەممەدباقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی باقری بەرپرسی دۆسیەی دانوستانەکان.

هاوکات شاندی ئەمریکا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت و جارید کوشنەر ڕاوێژکار و زاوای ترەمپ بەشداربوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم، تیمی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی ئەوەی لایەنی ئەمریکی داواکاریی زیادە و زیادەڕۆیی هەیە، ئەم قۆناغەی گفتوگۆکان وەک دواهەمین دەرفەتی ئێران بۆ ئەمریکییەکان دادەنرێت. تاران هۆشداری دەدات کە ئەگەر واشنتن لەم گەڕەدا نەگاتە چوارچێوەیەکی هاوبەش، رەنگە پرۆسەی دیپلۆماسی لە پاکستان ڕوو لە بنبەست بکات.

سەرچاوە

Related Posts